چین و ماچین
خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین | کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین
برۆت هەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین | ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟!
شکافێکە کڵافەی نافی زوڵفت | دەڕێژێ میسک و عەنبەر لێرە تا چین
لەسەر بەرگی گوڵێکی باغی حوسنت | هەزار، گوڵچینی بێبەرگ و نەواچین!
ئەتۆ میهری و مەهڕوویان ستارەن | لە خزمەت شەوقی تۆدا شەوچرا چین؟!
هەموو زەڕڕاتی میهری ڕووتە با قین | خودامان بۆ بەقایە لێرە لاچین!
بڵێ نالی بە ئەربابی وەفا: بێن | هەموو موحتاجی خاک و بێڵ و پاچین

In the margins
A place for thoughtful responses. Comments appear immediately.